سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆماری گشتی، کاروباری یاسایی، تەکنەلۆژیا و زانیاری، دارایی و بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی کۆیە سەبارەت بە دوایین ئامادەکارییەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە بۆ پڕۆسەی مامەڵەی وەرگرتنی خوێندکارانی قۆناغی یەکەم کۆبوویەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە, پ.ی.د محمد حسیب صدیق و بەڕێزان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری دارایی و کارگێڕی پ.ی.د ڕۆستەم سلام عزیز، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پ.ی.د. هەڵگورد سەرهەنگ مەغدید،  بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی پ.ی.د صافیە صابر ابراهیم، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی مافپەروەر شێواز محمد حەوێزی، بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیا و زانیاری نیاز صلاح صابر، بەڕێوەبەری دارایی هاوژین عبدالخالق حەوێز و بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکان ڕاوێژ عبدالمجید حەوێز و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی کۆیە م.ی محمد کریم سەیدگوڵ، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە دوایین ئامادەکارییەکانی زانکۆی کۆیە و بە تایبەتی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بە پڕۆسەی مامەڵەی خوێندکارانی تازە وەرگیراو و قۆناغی یەکەم بەڕێوەچوو. 

ئەم کۆبوونەوەیە دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی زانکۆلاین لە ڕێکەوتی ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێکهات و ئامانج لێی ئاگاداربوون لە ڕێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆی کۆیە بۆ پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندکارانی قۆناغی یەکەم و  هاوکات جێبەجێکردنی تەواوی ئامادەکارییە پێویستەکان بوو بۆ ئەو پڕۆسەیە. 

سەرۆکی زانکۆی کۆیە بەڕێز پ.ی.د محمد حسیب صدیق لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا وێڕای وەرگرتنی زانیاریی پێویست سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی مامەڵەی وەرگیرانی خوێندکاران لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەک و ڕێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە پڕۆسەکە جەختی لەسەر کارکردنی پێکەوەیی و هاوئاهەنگی پێویست  کردەوە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکان تاکوو ئاسانکاریی تەواوەتی بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی خوێندکارانی تازە وەرگیراو و قۆناغی یەکەم دەستەبەر بکرێت و زانکۆی کۆیە لەو بوارەدا نموونەیەکی جوان و شایان لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا نیشان بدات. 

لەلای خۆیانەوە هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆسەی وەرگرتن و مامەڵەی خوێندکارانی تازە وەرگیراو و قۆناغی یەکەم پێداگریان لەسەر جێبەجێکردن و دەستەبەرکردنی گشت ئاسانکارییەک کردەوە لەپێناو ڕاییکردنی مامەڵەی خوێندکاران بە باشترین و ڕێک و پێکترین شێواز.

ئەمساڵ زانکۆی کۆیە بۆ ساڵی خوێندنی نوێ واتە ساڵی ئەکادیمی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ نزیکەی ١٦١٢ خوێندکاری لە سەرجەم بەشەکان وەرگرتووە.

News Date
Image
بەڕێز سەرۆکی زانکۆ بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئامادەکارییەکانی پێشوازیکردن لە خوێندکارانی تازە وەرگیراو سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کارگێڕی کرد