شەش خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی پڕۆگرامسازی لە فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیە توانیان سەرکەوتن لە پێشبڕکێی ساڵانەی کۆمپانیای هواوی بۆ بواری تەکنەلۆژیا بەدەست بهێنن.

ڕۆژانی ٢٥، ٢٦ و ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، کۆمپانیای هواوی کە کۆمپانیاییەکی وڵاتی چینە و لە بواری تەکنەلۆژیادا چالاکە پێشبڕکێی ساڵانەی خۆی لە کوردستان و عێراق بۆ ئەو زانکۆیانە بەڕێوەبرد کە بەشێکن لە ئاکادیمیای هواوی، زانکۆی کۆیەش وەک یەکێک لەو شازدە زانکۆیەی کوردستان و عێراق کە سەر بە ئاکادیمیای هواوین لەم پێشبڕکێیەدا بەشداربوو و لە کۆی ٥٦ بەشداربووی هەڵبژێردراو کە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لە قۆناغی یەکەمدا شەش خوێندکاری زانکۆی کۆیە هەبوون کە لە بەشی پڕۆگرامسازیی زانکۆی کۆیە دەخوێنن.

خوێندکارانی سەرکەوتووی زانکۆی بریتیی بوون لە بەڕێزان باوەڕ زرینگ، ئاری فاروق، شاد خالید، محمد رجب، مەغدید شکۆ و ژیا ڕێبوار کە خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی پڕۆگرامسازیی زانکۆی کۆیەن و دوابەدوای بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەم پێشبڕکێیە وا بڕیارە لە ئاستی نیشتمانیی پێشبڕکێی هواوی بەشداری بکەن کە ئەم پێشبڕکێیە لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەدەچێ.

زانکۆی کۆیە ئەمساڵ دوابەدوای واژووکردنی لێکتێگەیشتن نامەیەک لەگەڵ کۆمپانیای هواوی بوو بە یەکێک لە زانکۆکانی سەر بە ئاکادیمیای هواوی و ئەو ئاکادیمیاییە لە فاکەڵتیی ئەندازیاریی زانکۆی کۆیە چالاکە و بەڕێز م. لادێ سەردار عبدالرحمن کارگێڕی ئاکادیمیای هواوییە لە زانکۆی کۆیە.

بەشداری خوێندکارانی زانکۆ لە پێشبڕکێی لەم چەشنە و بەدەستهێنانی سەرکەوتن و ئەزموونی تاکەکەسی لە بواری خوێندن بەشێکن لە ئامانجەکانی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە و لە کۆڵەکەی "سەرکەوتنی خوێندکار"ی ئەم پلانەدا جێگیر کراون و زانکۆی کۆیە کار بۆ دەستەبەرکردن و بەدیهێنانی دەکات.

News Date
Image
KOU
Subtitle
پێشبڕکێی کۆمپانیای هواوی