شاندی زانکۆی کۆیە لە بەغدا لەگەڵ بریکاری زانستی و چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی فیدڕاڵی کۆبوونەوە

شاندێکی زانکۆی کۆیە بە سەرۆکایەتی بەڕێز پ.ی.د. محمد حسیب صدیق سەردانێکی شەش ڕۆژە بۆ پارێزگاکانی بەغدا، نەجەف و بەسڕە ئەنجامدەدات.

 شاندی زانکۆی کۆیە لە میانی سێیەم ڕۆژی سەردانەکەیاندا، کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بۆ کاروباری زانستی پ.د. حيدر عبد ضهد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی نێردراوان پ.د. حازم باقر طاهر ئەنجامدا.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بۆ کاروباری زانستی پ.د. حيدر عبد ضهد خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی شاندی زانکۆی کۆیە بۆ بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە پەیوەندییە ئەکادیمی و زانستییەکانی نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پتەوتر دەکات و سوودی بۆ کاروانی زانست و زانیاری دەبێت.

بەڕێز بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، ستایشی کاری زانکۆی کۆیە بۆ داڕشتنی پلانی ستراتیژی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە داڕشتن و دانانی پلانی ستراتیژی یەکێكە لە کارە گرنگەکانی زانکۆکان و ئەو هەنگاوەی زانکۆی کۆیەی بەرز ننرخاند.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، پ.ی.د. محمد حسیب صدیق باسی لە پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە کرد و کۆڵەگە سەرەکی و دیدگە و ئامانجەکانی زانکۆی کۆیەی خستەڕوو.

بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگی لە نێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە زانکۆی کۆیە دەرگای بۆ هەموو رێککەوتن و یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن کە خزمەت بە ڕەوتی خوێندنی باڵا و توێژیەنەوەی زانستی دەگەێنێت واڵایە.

بابەتێکی گرنگی دیکەی کۆبوونەوەکەی شاندی زانکۆی کۆیە لەگەڵ بەڕێز بریکارتی وەزارەتی خوێندنی باڵا، پرسی فاکەڵتیی پزیشکیی زانکۆی کۆیە بوو و لەو بابەتە بەڕێز سەرۆکی زانکۆی کۆیە، تەواوی پێداویستییەکانی داننان بە فاکەڵتیی پزیشکی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆی کۆیە سەرجەم ئەو هەنگاوانەی ناوە و تەواوی کەموکوڕییەکانی کۆنووسەکەی لیژنەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی جێبەجێ کردووە.

لای خۆیەوە بەڕێز بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، خۆشحاڵی خۆی بە هەنگاوەکانی زانکۆی کۆیە دەربڕی و بەڵێنی دا کە لە نزیکترین کاتدا ئەو پرسە چارەسەر بکەن.

هاوکات هەر لە میانی کۆبوونەوەکە بەڕێز سەرۆکی زانکۆ پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە ٢٠٢٣-٢٠٢٧ ی پێشکەشی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد.

جێگەی باسە شاندەکەی زانکۆی کۆیە پێکهاتووە لە هەریەک لە بەڕێزان ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاری پ.ی.د. ئەژین طاهر صابر، ڕاگەری فاکەڵتیی پزیشکی د. دەوەن جەمال حەوێزی، بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەرەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان پ.ی.د. گەلاوێژ بەکر باپیر. د. احمد مازن و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن م.ی. محمد کریم سیدگوڵ.

 

Koya University

Koya University

Koya University

 

 

News Date
Image
KoU
Subtitle
کۆبوونەوە لەگەڵ بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی فیدڕاڵ